بەڕێوبەری خۆسەر لە بارەی دواین ڕەوشی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوایەک ئاراستەی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات و دەڵیت " لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە هەموو پێشێلکاری و تاوانەکان پێکبهێنن و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی بکەن".
یەک شەممە، ١١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، بەڕێوبەری خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند "ئەو کردەوانەی ئەنجام دەدرێن پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ ئەوڕرێکەوتنەی پێشتر کراوە و گەرەنتیی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی مەدەنییەکانی تێدابوو، چ ئەوانەی ناچاربوون دەربچن و چ ئەوانەی لە ماڵەکانیان مانەوە".
"پێشێلکاری و تاوانی جەنگ بەشێوەیەکی سیستماتیک بەردەوامە، حاڵەتی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، جنێودان، سووکایەتی و شکاندنی شکۆی هاووڵاتییانی مەدەنی تۆمارکراون، کە دژی بەها مرۆییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانن"، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر وا دەڵێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە "بە نیگەرانییەکی قووڵەوە چاودێریی بەردەوامیی پێشێلکارییە مەترسیدارەکان دەکەین کە دەگەنە ئاستی تاوانی جەنگ، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا لە دیمەشق کە زۆر بەڵگە دەریدەخەن بەشێکیان چەکدارانی داعشن".
لە کۆتایدا بەڕێوبەری خۆسەر دەڵێت "پشتگوێخستنی ئەم تاوانانە یان ئاشکرانەکردنیان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە بەردەم پرسیارێکی گەورە سەبارەت بە پابەندبوونی بە پرەنسیپەکانی دادپەروەری و مافی مرۆڤ."
٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرع بۆ هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە حەلەب دەستی پێکرد، بە پێی لێداوانێكی فەتخوڵا حوسەینی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی كوردستان ئەم بەیانییە ڕایگەیاند "لە شەڕی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەدا زیاتر لە ٢٠ كەس لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ شەهیدبوون بە زیاد حەلەبی فەرماندەی هێزەكەشەوە، زیاتر لە ١٠٠ كەسیش برینداربوون و بەشێك لە بریندارەكان گەیشتوونەتە دێر حافر ژێر دەسەڵاتی هەسەدەو بەهۆی ئەو شەڕەوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار كەس ئاوارەبوون".