ڕۆژنامەنووسانی کورد لە سوریا بە کۆمەڵ دەستلەکاردەکێشنەوە

کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی کورد لە سوریا کە پێکهاتوون لە ٢٠ ڕۆژنامەنووسی ژن و پیاو، بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی خۆیان لە "ڕابیتەی ڕۆژنامەنووسانی سوریا" ڕاگەیاند. 

هۆکاری سەرەکی دەستلەکارکێشانەوەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەیاننامەیەکی ڕابیتەکە سەبارەت بە شەڕی شاری حەلەب. ڕۆژنامەنووسە دەستلەکارکێشاوەکان بەیاننامەکەیان بە "سیاسی و لایەنگرانە" ناوبرد، چونکە بە وتەی ئەوان، ڕابیتەکە بە ئەنقەست چاوی پۆشیوە لەو بۆردومان و پێشێلکارییانەی کە کراونەتە سەر هاووڵاتییان و ڕۆژنامەنووسان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.

ڕۆژنامەنووسنای کورد دەڵێن'' ڕابیتەکە لەو بەها و بنەمایانە لایداوە کە لەسەری دامەزراوە. ئەمو دامەزراوەیە لە چەترێکی پیشەیی بێلایەن کە پارێزگاری لە ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکات، گۆڕاوە بۆ لایەنێکی سیاسی کە لە کاتی ململانێکاندا لایەنگری دەکات.'' 

ئاماژە بەوەشکراوە، چاوپۆشییەکی ئاشکرا کراوە لە وتاری ڕق و کینە و هاندان، ڕەخنە لەوە دەگیرێت کە هەندێک لە ئەندامانی ڕابیتەکە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسینی دوور لە ئەخلاقی پیشەییان بڵاوکردووەتەوە و ڕابیتەکەش هیچ هەڵوێستێکی یاسایی یان کارگێڕی بەرامبەریان وەرنەگرتووە.




PM:08:20:11/01/2026