ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا تەواوی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن وەزارەتی بەرگری سوریاوە بڵاوکرابوونەوە سەبارەت بە کۆکردنەوەی هێز لە بەرەی "دێر حافر".
هەسەدە جەختی کردەوە کە هیچ جوڵەیەکی نائاسایی یان ئامادەکارییەکی سەربازییان لەو ناوچەیەدا ئەنجام نەداوە و ئەو دەنگۆیانە بە "چەواشەکاری" ناوزەند کرد.
سەبارەت بەو وێنە و هەواڵانەی باس لە بوونی قەرەباڵغی دەکەن، هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوانەی لە ناوچەکە بینراون هاووڵاتیانی مەدەنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوون. ئەو گردبوونەوەیەش بە مەبەستی پێشوازیکردن بووە لە بریندارانی گەڕەکەکانی "شێخ مەقسود" و "ئەشرهفیە"ی حەلەب، نەک بۆ مەبەستی سەربازی وەک ئەوەی وەزارەتی بەرگری سوریا بانگهشهی بۆ دەکات.
هەسەدە ڕایگەیاند'' درۆنەکانی تورکیا لە جۆری (بەیرەقدار و ئاکنجی) بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە.''
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە شارۆچکەی دێر حافر و گوندەکانی دەوروبەری و ناوچەی "کێڵگەی سەورە" رووبەڕووی هێرشی توندی تۆپخانە و درۆنی خۆکوژی تورکیا بوونەتەوە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ سەلماندنی ڕاستی قسەکانی، چەند وێنە و ڤیدیۆیەکی پاشماوەی ئەو مووشەکانەی بڵاوکردەوە کە لە درۆنە تورکییەکانەوە ئاڕاستە کراون.