پارێزگاری هەولێر کردنەوەی پێشانگەی بەرهەمەکانی سوریای هەڵوەشاندەوە


پارێزگاری هەولێر، بە فەرمی ڕایگەیاند” پێشانگەی بەرهەمەکانی سوریا، کە بڕیار وابوو لە ٢٦ی ئەم مانگەدا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بکرێتەوە، هەڵوەشاوەتەوە و ڕێگە بە ئەنجامدانی نادرێت.”

سەبارەت بە هۆکاری ئەم هەنگاوە، ئومێد خۆشناو، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەو دۆخە نالەبارەی لە سوریا دەگوزەرێت. بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ٦ی ئەم مانگەدا، سوپای سوریا هێرشی کردە سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان هاووڵاتیی کورد و ئاوارەبوونی هەزاران کەسی دیکە.

پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە پێشتریش بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێکارەکان و دانەنانی ئاڵای کوردستان، ڕێگرییان لەم پێشانگەیە کردووە، بەڵام ئەمجارە بەهۆی "ڕووداوەکانی سووریا و هێرشەکان بۆ سەر کوردنشینان"، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە کردنەوەی پێشانگەکە نادرێت و بڕیارەکە بنبڕە.




PM:10:47:11/01/2026