بەهۆی تەمومژەوە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگیران

بەهۆی خراپی ڕەوشی کەشوهەوا و دروستبوونی تەمومژێکی چڕ، ئاسمانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕووی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرا. 

دانا محەمەد، وتەبێژی فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕایگەیاند'' بەهۆی کەمبوونەوەی ماوەی بینین، کارەکانی فڕۆکەخانەکە بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراون.''

تا کاتژمێر ١١:٠٠ی ئەمشەو، دوو گەشتی هێڵە ئاسمانییەکانی (تورکیش ئێرلاین) و (ئەی جێت) بەهۆی تەمەکەوە دواخراون. 
وتەبێژی فڕۆکەخانە ئاماژەی بەوە کرد کە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بەندە بە ڕاپۆرتی نوێی نووسینگەی کەشناسی فڕۆکەخان،؛ هەر کاتێک ماوەی بینین ئاسایی بووەوە، گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە.

لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممەوە، شەپۆلێکی تەمومژی چڕ پارێزگای سلێمانی گرتووەتەوە. بەهۆی ئەم شەپۆلەوە ماوەی بینین لە هەندێک ناوچەدا بۆ کەمتر لە پێنج مەتر کەمبووەتەوە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر جووڵەی فڕۆکەکان و هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست کردووە.




PM:11:29:11/01/2026