بارانی بەلێزمە و بەفر دەبارێت



کەشناسێکی کورد پێشبینی دەستپێکردنی شەپۆلی بەفر و بارانبارین و ئاماژە بەوەدەکات کە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە کاریگەری دەبێت و سبەی بەفر وبارانی بەلێزمە دەبارێت و دوسبەی بەفربارین دەگاتە سەنتەری شارەکانیش".

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە کە "لە ئێوارەی ئەمڕۆوە کاریگەری سەرەتایی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست لەسەر ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم و پارێزگای دهۆک بە نمە بارانی پچر پچر و بارینی بەفر لەناوچە شاخاویەکان دەستپێدەکات و بای باشوری رۆژهەڵات لەزۆربەی ناوچەکانمان چالاک ئەبێت بەخێرای ١٥-٤٠کم/ک".

 راشیگەیاند"  بۆ سبەی سێشەمە کاریگەری ئەو شەپۆلە سەرجەم ناوچەکانمان دەگرێتەوە لەگەڵ بەردەوامی چالاکی با و ئاسمان بە زۆری دەگۆرێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ بارینی بارانی پچر پچر و مامناوەند ، لەکاتەکانی ئێوارە بۆ شەو کاریگەری شەپۆلەکە چالاکتر ئەبێت بەتایبەت لەسەر ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و سۆران ئەگەری هەورە بروسکە و هەندێک جاریش لێزمە باران ئەبێت و بەفرێکی چریش ناوچە شاخاویەکان ئەگرێتەوە لە بەرزی ١٠٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە ".

ئەو کەشناسە ئاشکراشی کرد کە ، بۆ رۆژی چوارشەمە ئەو شەپۆلە بە مامناوەندی بەردەوامی ئەبێت و لەگەڵ زیادبوونی کاریگەری بارستە هەوای سارد و ئەگەری دابەزینی بەفر بۆ سەنتەری شاری سلێمانی و سۆران ئەبێت بەگشتی ئەو شوێنانەی بەرزیان زیاترە لە ٧٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا ئەگەری بەفر و بارانیان بەتێکەڵی ئەبێت ، ئێوارەی چوارشەمە کاریگەری شەپۆلەکە لاواز ئەبێت و بۆ رۆژی پێنجشەمە کاریگەریەکانی بەلاوازی بەردەوامی ئەبێت و لەهەندێک کات و شوێندا بەفر و بارانی کەم و پچر پچر ئەبارێتەوە و ئێوارەی پێنجشەم کۆتای بەبەفر و بارانەکە دێت لەگەڵ نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما و دەستپێکردنی وشکە سەرما و دروستبوونی شەختە و بەستەڵەک لەناوچەکەدا کە بۆ ماوەیەکی زۆر کاریگەری ئەو سەرما و بەستەڵەکە لەسەر ناوچەکانمان ئەمێنێتەوە".




PM:12:00:12/01/2026