لە کاتی هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی شەرع بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب سێ ئەندامی مانگی سوری کورد دەستگیرکراون و مانگی سوری کوردیش دەڵێت "دەستگیرکردنی ئەو خەباتکارە مرۆیانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە".
دوو شەممە، ١٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، مانگی سوری کوردی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی شاری حەلەب، سێ ئەندامی مانگی سووری کورد لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی مرۆیی خۆیان، کە بریتی بوو لە دابینکردنی فریاگوزاری سەرەتایی و چاودێری پزیشکی بۆ خەڵکی مەدەنی، کە بەهۆی هێرشەکەوە زیانیان بەرکەوتبوو، لەلایەن حکومەتی کاتییەوە دەستگیرکران".
"ئێمە لە مانگی سووری کورد پشتڕاستی دەکەینەوە کە تیمەکەمان بە تەواوی خەریکی کاری مرۆیی بووە، دوور لە هەر ئەجێندایەکی سیاسی و سەربازی، کە گەرەنتی پاراستنی کرێکارانی پزیشکی و فریاگوزاری لە کاتی ململانێکاندا دەکات" ،مانگی سوری کوردی وا دەڵێت.
سێ ئەندامەکەی مانگی سوری کوردی کە دەستگیرکراون ناویان( یوسف حەنان حەمۆکۆ – شوفێری ئەمبوڵانس، عەبدولڕەحمان عەبدۆ– پەرستار، ڕامی حسێن عەلی – بەرپرسیاری تیمی پزیشکی).
مانگی سوری کوردی داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئەندامەکانیان و "گەرەنتی سەلامەتییان و گەڕانەوەیان بۆ کارە مرۆییەکانیان دەکەین، لایەنە بەرپرسیارەکانیش بە تەواوی بەرپرسیار دەزانین لە هەر زیانێک کە ڕەنگە بەسەریاندا بێت".
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە "داوا لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەکەین بەپەلە دەستێوەردان بکەن کە ڕێز لە پرەنسیپەکانی خەباتی مرۆی بگیرێت کە کارمەندانی پزیشکی و هاوکارانیش لە هەرچەشنە بە ئامانجگرتن یان دەستگیرکردنێک بپارێزرێن".