دوای خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمڕۆ مەلا بەختیار وەک بەربژێر دورخرایەوە بە بیانووی "نەبوونی بڕوانامەی دانپێدانراو لە حکومەتی عێراق".
دوو شەممە، ١٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، سەرچاوەیەکی تایبەت بە سپی میدیای ڕاگەیاند "ڕکابەری بەهێزی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق مەلا بەختیار وەک بەربژێر لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دورخرایەوە".
(سپی) وەک یەکەم میدیا جگە لە بڵاوکردەنەوەی هەواڵەکە هۆکاری دورخستنەوەکەشی ئاشکرا دەکات کە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق متمانەی بە بڕوانامەکەی مەلا بەختیار نییە.
لە ڕۆژی ٥ کانوونی دووەم، مەلا بەختیار خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بەربژێرکرد، دوێنێ مەلا بەختیار لە فەیسبوک ڕایگەیاند، بە ڕێگاوەیە بەرەو بەغداد، بەڵام تا ئێستا لەبارەی دوورخستنەوەکەیەوە هیچ ڕونکردنەوەیەکی نەداوە.
ئەوکات لە بارەی خۆبەربژێرکردنییەوە نوسینگەی ڕاگەیاندنی مەلا بەختیار بڵاویکردەوە "مەلا بەختیار وەکو کەسێکی بێلایەن خۆی بەربژێر کردووە و هێشتا خۆی بە یەکێتی دەزانێت، بەڵام ئێستا نایەوێت نە دژایەتیی بەربژێری یەکێتی بکات و نە دژایەتیی بەربژێری پارتی، بەڵکو دەیەوێت لەو نێوەندەدا ئەگەر پارتی و یەکێتی نەگەیشتنە رێککەوتن، ئەو بتوانێت هۆکاری رێککەوتنیان بێت و ببێتە بەربژێری هاوبەشی کورد".