هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتی سوریا ڕەت دەکاتەوە و بە هەوڵداون بۆ پێچەوانەکردنەوەی ڕاستیەکان باسی دەکات و دەڵێت "هەوڵ دەدەن پەرە بە ئاڵۆزییەکان بدەن".
دوو شەممە، ١٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند "هێزەکانمان هیچ جموجوڵێکی سەربازییان لە دێرحافر و مەسکەنە نەکردووە، بۆیە دەنگۆکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا هیچ ڕاستییەکی تیدا نییە کە بانگەشەی ئەوە دەکات هێزەکانمان لەو ناوچانە دەستیان بە جموجۆڵی سەربازیی کردووە، بەڵکو ئەوە هێزەکانی ئەوانە کە لەو ناوچانە جوڵەی سەربازییان هەیە".
هەسەدە لە راگەیاندراوەکەدا جەخت دەکاتەوە کە ئەو دەنگۆیانە تەنیا هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ئاژاوە و ئاڵۆزیی زیاتر، ئەگەری دروستبوونی هەر پێکدادانێکی لەو ناوچانەدا خستە ئەستۆی وەزارەتی بەرگریی و گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا.
هەسەدە دڵنیای دەدات کە ئەوان پابەندن بە پرەنسیپەکانی ئاگربەستەوە و هەموو هەوڵێکیان بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پیویستە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی کورد لەو ناوچانەدا.
لە ڕۆژی ٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەستی پێکرد، کە زیاتر لە ٢٠ شەهید و ١٠٠ بریندار و نزیكەی ١٥٠ هەزار كەس ئاوارەبوون و ژمارەی ئەو چەکدارانەی کە هێرشیان کردووەتە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، ٤٢ هەزار چەکدارە و ئێستا بە هۆی ئاگربەستەوە هێرشەکان وەستاون.