مەسعود بارزانی لە پەیامێکی نوێدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر ئەو هەڵمەتە توندە دەربڕی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگەی میدیا و سۆشیاڵ میدیاوە دژی هاووڵاتیانی عەرەبی سوری نیشتەجێی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.
لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی کانونی دووەم بڵاویکردەوە، دەڵێت'' ئەم جۆرە ڕەفتارانە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پڕەنسیپ و بەها بەرزەکانی گەلی کوردستان و سیاسەتی گشتیی دامودەزگاکانی هەرێم یەکناگرنەوە و پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێن.''
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بارزانی ڕایگەیاند'' نابێت بە هیچ شێوەیەک ئۆباڵی تاوان و ڕووداوەکان بخرێتە ئەستۆی خەڵکانێکی بێتاوان کە هیچ پەیوەندییەکیان بەو دۆخەوە نییە، چونکە ئەم جۆرە مامەڵەکردنە دوورە لە هەموو بەهایەکی مرۆیی و تەنیا دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان لەناو هەرێمی کوردستاندا.''
لە کۆتایی پەیامەکەشدا داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن و ڕێگریی جددی لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە نابەجێیانە بکەن.