سیناتۆری دیاری پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێ، هێرشی توندی کردە سەر ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕایگەیاند'' لادانی عەلی خامنەیی لە دەسەڵات، کلیلە بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.''
لیندسی گراهام لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی ڕێکخراوێکی جوولەکەی ئەمریکی لە ویلایەتی نیوجێرسی، جەختی کردەوە، کۆتاییهاتنی ئەم حکومەتەی ئێران تەنها مەسەلەی کاتە و پرۆسەی گۆڕانکاری لە ناوخۆی ئێراندا دەستی پێکردووە.
بڕوای ئەم سیناتۆرە، نەمانی خامنەیی لە بەرژەوەندی سێ لایەنی سەرەکیدایە:خەڵکی ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا.
گراهام دەڵێت'' لادانی خامنەیی دەبێتە گەورەترین گۆڕانکاری لە مێژووی هاوچەرخی ناوچەکەدا، هێشتا وردەکاری و لێکەوتە تەواوەکانی ئەو گۆڕانکارییە بە ڕوونی دیار نین.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویکردەوە'' لە ماوەی دوو هەفتەی خۆپیشاندانەکاندا کوژرانی ١٩٢ کەس پشتڕاستکراوەتەوە.''
ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕاپۆرتی نافەرمی باس لە کوژرانی زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس دەکەن، بەڵام بەهۆی پچڕانی پەیوەندییەکانەوە پشتڕاستکردنەوەیان زەحمەتە.