لەدانیشتنی ئەمڕۆی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و هاوەڵەکانی لە دادگای سلێمانی هیچ وێنە و ڤیدیۆیەکیان بڵاونەکرایەوە، (سپی میدیا)ش هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی (سپی) لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگایی لاهور شێخ جەنگی و هاوەڵەکانی کە لە دادگای تاوانەکانی سێی سلێمانی بەڕێوەچوو، جگە لەو رێوشوێنە ئەمنییە توندەی لە دەرەوەی دادگا گیرابووەبەر، تەنانەت لەنێو دادگاشدا پێش ئەوەی لاهور و هاوەڵەکانی بگەنە هۆڵی دادگاکە، مۆبایل لە سەرجەم ئەو کەسانەی ویستویانە بڕۆنە ئەو هۆڵی دانیشتنە وەرگیراوە بۆ ئەوەی نەتوانن وێنە و ڤیدیۆی لاهور و هاوەڵەکانی تۆمار بکەن و دواتر بڵاوی بکەنەوە.
بەیانی رۆژی دووشەممە ١٢ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦ دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل لە سلێمانی لە رێوشوێنێکی تووندی ئەمنی وبەدور لە چاوی میدیاکان دەستیپێکرد و دوای ١٠ خولەک دادگای سلێمانی بڕیاریدا دۆسییەکەی بگوازێتەوە بۆ دادگای تەمیزی هەولێر.
بە گوێرەی زانیارییەکان بڕیارەکەی دادگای سلێمانی لەسەر داواکاری پارێزەر و خێزانەکەی، بووە و خودی لاهوور جەنگی ناگوازرێتەوە هەولێر، بەڵکو تەنیا دۆسیەکەیەتی دەنێردریت بۆ هەولێر بۆ ئەوەی دادگەی تمیزی هەولێر بڕیاری لەسەر بدات.