''زەویەک لە سلێمانی بە مەبەستی دروستکردنی گەلەری دەدرێت بە لەتیف رەشید''

پەرلەمانتارێکی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان، زانیارییەکی گرنگ لەسەر پێدانی زەوی بە لەتیف ڕەشید لە سلێمانی ئاشكرادەکات. 

د.شێرکۆحەمەئەمین، پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە'' ڕۆژی ٢٠٢٥/٢/٩ کەسێک، وەک ڕاسپێردراوی بۆردی گەلەری بەناوی سەرۆک کۆمارەوە داوایەکی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی کردووە و داوای مۆڵەتی کردنەوەی گەلەری دکتۆر لەتیف ڕەشیدی کردووە، لە شەقامی ٥٩ نزیک چوارڕیانی کارێزەوشک، بۆئەوەی وێنە هونەرییەکانی تایبەتی سەرۆک کۆماری تێدا پیشانبدرێت و ستۆدێۆی تێدا بکرێتەوە، بەمەبەستی چالاکی و پێشبڕکێی هونەری بەکاربێت و ڕاستەوخۆش داواکە ئاڕاستەی بەشی مۆڵەت کراوە و بەپێی زانیاریی بەندە ڕەزامەندیش دراوە.'' 

لە نوسینەکەیدا شێرکۆ حەمەئەمین، پێدانی ئەو زەویە بە نا یاسای وەسف دەکات و دەڵێت'' هونەرمەندا چەندین ساڵە هیچ کارێکیان بۆ نەکراوە بۆچی بۆ لەتیف ڕەشید ئەو کارە هێندە ئاسانە.'' 

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوەی جێگای سەرنجە و بەبڕوای من پێویستە داواکاری گشتی و لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوونی بۆ بکەن و وەک کەیسێک وەریگرن. 

دەقی نوسراوەکەی: 

یادی سەندیکای هونەرمەندان و گەلەری دکتۆر لەتیف ڕەشید...

ڕۆژی ٢٠٢٥/٢/٩ کەسێک، کەناوەکەی پارێزراوە، وەک ڕاسپێردراوی بۆردی گەلەری بەناوی سەرۆک کۆمارەوە داوایەکی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی کردووە و داوای مۆڵەتی کردنەوەی گەلەری دکتۆر لەتیف ڕەشیدی کردووە، لە شەقامی ٥٩ نزیک چوارڕیانی کارێزەوشک، بۆئەوەی وێنە هونەرییەکانی تایبەتی سەرۆک کۆماری تێدا پیشانبدرێت و ستۆدێۆی تێدا بکرێتەوە، بەمەبەستی چالاکی و پێشبڕکێی هونەری بەکاربێت و ڕاستەوخۆش داواکە ئاڕاستەی بەشی مۆڵەت کراوە و بەپێی زانیاریی بەندە ڕەزامەندیش دراوە.

ئەوەی جێگای سەرنجە و بەبڕوای من پێویستە داواکاری گشتی و لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوونی بۆ بکەن و وەک کەیسێک وەریگرن، کە ئایا:

١- کردنەوەی گەلەری، بەو شێوەیە ئاسانە و بۆ هەموو هونەرمەندێکی دەکەن؟ یان هونەرمەندی تر نییە شیاوی ئەوەبێت گەلەری بۆبکرێتەوە؟

٢- لە داواکارییەکەدا شەقامەکە نوسراوە، ئەمە بەواتای ئەوەی زەوییەکەی بۆ دیاریکراوە، ئایا ئەمە بەکارهێنانی پۆست نییە بۆ بەرژەوەندی کەسی؟ یان بۆ هەموو هونەرمەندێک ئاوا بەو ئاسانکارییە زەوی دابیندەکرێت؟ یان ئەێ بۆ گەلەرییەکی نیشتمانی ناکەنەوە؟
٣- ئایا لەو شوێنە و لەو شەقامەدا بەهای زەوی چەندە؟

٤- ئایا ئاساییە لە پێگەی پۆستی سەرۆک کۆماردا داوا ئاڕاستەی فەرمانگەیەک بکرێت؟

بۆ نمونە ئەمڕۆ یادی دامەزراندنی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بوو، کە ساڵی ١٩٨٣ دامەزراوە، بەرپرسانی سەندیکا دەیانوت لە دوای شەڕی داعشەوە بودجەی سەندیکا، کە مانگانە ٧٢ حەفتا و دوو ملێۆن دیناربووە، تەنیا ٢ دوو ملێۆن دیناری ماوە و بەم هۆیەشەوە ناتوانین کار و پڕۆژەکان وەک خۆی و بەپلان ڕاپەڕێنین و پاڵپشتی کاری هونەری بکەین، بەڵام بەو جۆر و لەو شوێنەدا گەلەریێک بۆ سەرۆک کۆمار دەکرێتەوە؟!

بەبۆنەی یادی دامەزراندنی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانیشەوە پیرۆزبایی لەسەرجەم هونەرمەندان دەکەم. 
ڕۆحی هونەرمەندە شەهید و کۆچکردووەکان شادبێت.
د.شێرکۆحەمەئەمین




PM:11:12:12/01/2026