کەجەکە: هێرشەکەی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی بە ئامانجی تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی ئەنجامدراوە

تەڤگەری ئازادیی کوردستان هۆشداری دەدات کە هێرشی نوێیەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، هەوڵێکی ئاشکران بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە و هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاگربەست.

کەجەکە، لە بەیانامەیەکدا، ڕایگەیاند'' ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە دانوستان لە نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی دیمەشق لە ئارادابوو. ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕێگری لە شەڕ، داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئاداری کردبوو و پەیامی ئاراستەی ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و دەروازە سنوورییەکان. بەڵام هێرشەکان دەیسەلمێنن کە ئامانجی لایەنی بەرامبەر چارەسەری نییە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ لەناوبردنی قەوارەی دیموکراتیکی ناوچەکە.'' 

ئاماژەبەوەشکراوە، میدیاکانی تورکیا و وتەبێژی ئاکەپە، عومەر چەلیک، بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن کە هێرشەکان تەنیا لە حەلەب کورت نابنەوە. بەکارهێنانی دروشمی "ناوچەیەکی بێ تیرۆر" لە لایەن تورکیاوە، وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشکردنە سەر تەواوی ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوا دەبینرێت. 

تەڤگەری ئازادی دەڵێت'' ئەوان تێکۆشانی ئازادی بە تیرۆر ناودەبەن تا بتوانن سیستمە دیموکراتیکەکەمان تێکبشکێنن، چونکە دوژمنایەتی کورد هاوتایە لەگەڵ دوژمنایەتی دیموکراسی."

تەڤگەری ئازادی جەخت دەکاتەوە کە ئەوان وەک لایەنێکی بەرپرس، هەموو هەنگاوێکی بوێرانەیان بۆ سەرکەوتنی ئاشتی ناوە. 
لە کۆتاییدا داوا لە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دەکات کە پابەندی ڕۆحی پڕۆسەکە بن و خۆیان لە تێکدانی ژینگەی متمانە بەدوور بگرن.

هەروەها داوا لە گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان دەکات تێکۆشانی خۆیان فراوانتر بکەن بۆ وەستاندنی ئەو سیاسەتانەی کە هەوڵی لەناوبردنی ئیرادەی دیموکراتیکی گەل دەدەن.




PM:12:02:13/01/2026