پارێزەرێک لە تیمی پارێزەرەکانی لاهوری شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی لالەزار باسی ئازادکردنی ١٧ دەستگیرکراو دەکات کە لەلالەزار دەستگیرکراون و دەڵێت "هیچ تۆمەتێکیان بەسەردا ساغ نەبۆتەوە".
سێ شەممە، ١٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، قادر ئاغا مەنتیک، پارێزەر لە تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، بە میدیاکانی ڕاگەیاند "١٧ کەس لە دەستگیرکراوانی لالەزار رێکارە یاساییەکانیان تەواو کراوە و لە زیندان ئازاد کراون و هاتوونەتە دەرەوە".
لە دوای پێنج مانگ لە دەستگیرکردانیان ڕۆژی ڕابردوو لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل برایە بەردەم دادوەر لە دادگای سلێمانی و بۆ وردبینی دۆسیەکەی نێردرا بۆ دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر.
شەوی ٢٢ ئابی ٢٠٢٥، هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاتژمێر ڕووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزی چەکداری لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.