هەسەدە ئاشکرای دەکات کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دێرحافر تۆپباران دەکەن و بە درۆنی بۆمبڕێژکراو و تۆپهاوێژ، بەنداوی تشرینیشیان کردووەتە ئامانج.
فەرهاد شامی، وتەبێژی هەسەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی" گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دێرحافر تۆپباران دەکەن".
باسی لەوەش کردووە، بۆردوومانەکە بە تۆپهاویژ ئەنجامدەدرێت، تاوەکو ئێستاش زانیارییان لەبارەی زیانەکانەوە نییە.
لەلایەکی دیکەوە ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە بڵاویکردووەتەوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، دووجار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو و تۆپهاوێژ، بەنداوی تشرینیانیان کردووەتە ئامانج.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوەکرد، گروپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری سوریا لە بەری تری ڕووباری فوراتەوە، بە چەکی ڕەشاش هێرشیان کردووەتە سەر خاڵە سەربازییەکانیان لە شارۆچکەی "ئەبو حەمام" لە دێرەزوور.