ئیلهام ئەحمەد: چەكدارانی داعش و ئیگۆر و توركیا بەشداربوون لە هێرشەكەی حەلەب

هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر ڕایدەگەیەنێت" داعش و ئیگۆر و گروپە چەكدارە توركییەكان و چەكداری بیانی بەشدارییان لە هێرشەكەی شێخ مەقسود و ئەشرفییەدا كردووە و دەشڵێت" دەبێت ئەمریكا هەڵوێستی خۆی ڕوونبكاتەوە لەبارەی حكومەتی سووریا كە گەلەی خۆی دەكوژێت."

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" حکومەتی کاتیی سووریا زۆرترین بەرپرسیارێتی لە ئەستۆدایە لە جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی ١٠ی ئازار".

وتیشی، "ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شێخ مەقسود بە هەڵمەتێکی میدیایی دژی گەڕەکە کوردییەکان دەستی پێکرد و گروپە چەكدارەكانی سەر بە حکومەت، چەند مانگێک بوو ئەو دوو گەڕەکەیان لە حەلەب کردبووە ئامانج، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی قەیرانەکە و وەزارەتی بەرگری سووریا بە فەرمی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی ڕاگەیان"د.

ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات بەگوێرەی ڕێککەوتنی ١ی نیسان لە هەردوو گەڕەکەکە کشابوونەوە، بەڵام حکومەت رەواجی بەوەدەدا گوایە هەسەدە لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ئامادەن و هێرشێکی توندی بە بەشداری ٨٠تانک ئەنجامدا.

ئاشكراشی كرد، لە هێرشی حکومەتدا ٤٨ کەس گیانیان لەدەستدا و گروپە چەكدارە هێرشبەرەکان پێشێلکاری ترسناکیان ئەنجامداوە و چەكدارانی داعش بەشدارییان لە هێرشەکەی سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە کرد و چەكدارانی ئیگۆر بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە، جگە لە گروپە چەكدارە تورکییەکان و چەكداری بیانی.

"یەکێک لە مەرجەکانی هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا و رۆژئاوا بۆ سەر سووریا پاراستنی کەمینەکان و دەرکردنی بیانییەکان بوو، بەڵام حکومەت تا ئێستا پێچەوانەکەی کردووە، هێرشی کردووەتە سەر عەلەوی و دروز و مەسیحی و ئێستاش کورد"(ئیلهام ئەحمەد وتی).

جەختیشی كردەوە، پێویستە حکومەتی ئەمریکا هەڵوێستی خۆی لەبارەی حکومەتی سووریا روون بکاتەوە کە کۆمەڵکوژی دژی گەلەکەی خۆی ئەنجام دەدات.

ئەو بەرپرسەی ئیدارەی خۆسەر راشیگەیاند" ئێمە لەگەڵ دیالۆگ و بەردەوامی دانوستانەکانین، بەڵام دەبێت هێرشەکان بوەستن، پاراستنی گەلەکەمان لە حەلەب و عەفرینیش گەرەنتی بکرێت و پێویستە برینەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە و عەفرین لە ژێر چاودێری لایەنە نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان ساڕێژ بکرێن".



PM:08:43:13/01/2026