ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم مووچەکانی مانگی ١١ و ١٢ی ساڵی رابردوو تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە ساڵی نوێدا ئەنجام دەدات، کە تیایدا پرسی مووچەی مانگەکانی ١١و ١٢ی ساڵی ڕابردوو و جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٦ی عێراق و دۆسیەی نەوت تەوەرە سەرەکییەکان دەبن.

ئەمڕۆچوارشەممە ١٤ی کانونی دووەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم  بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم بەڕێوەدەچێت، تیایدا بەدواداچوون بۆ مووچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠٢٥دەکرێت. ئامانجی کۆبوونەوەکە زامنکردنی خەرجکردنی مووچەکانی ساڵی ٢٠٢٦و جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ساڵی دارایی نوێ.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە پرسی نەوت، کە تیایدا هەڵسەنگاندن بۆ سەرکەوتنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی سێ قۆڵی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکرێت لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا. لەم بەشەدا داتا و زانیارییەکان لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەکراو و ئەو داهاتانەی کە گەڕێنراونەتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵی دەخرێنە ڕوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کۆی گشتیی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دەخرێتە ڕوو و پلانەکانی حکومەت بۆ ساڵی دارایی 2026 تاوتوێ دەکرێن، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانە لە دەستپێکی ساڵی نوێدا بۆ ڕێکخستنی کاروباری کارگێڕی و دارایی فەرمانگەکان و شایستەکانی مووچەخۆران.



AM:09:04:14/01/2026