بە گوێرەی راگەیەنراوی هەسەدە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا پێگەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکراتی بۆردومان کرد و شەڕڤانانیش پەلامارێکی چەکدارە توندڕەوەکانی ئەحمەد شەرعیان تێکشکاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند" فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکی لە جۆری (بایراکتار)، خاڵێکی سەربازیی هێزەکانی هەسەدەیلە گوندی ئەلبوعاسی سەر بە شاری تەبقە کردووەتە ئامانج و بە هۆیەوە ژمارەیەک شەڕڤان بریندار بوون".
ئاماژەی بەوەشدا ئەمە سێیەمین هێرشی لەو جۆرەیە لە ماوەی یەک هەفتەدا.
هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو کە دوێنێ شەو هێزەکانیان بەرپەرچی هەوڵێکی دزەکردنی چەکدارانی حکومەتی کاتی سووریایان لەسەر میحوەری گوندی زوبێدەی سەر بە دێر حافر داوەتەوە.
لە راگەیەنروەکەدا هاتووە" چەکدارەکان بە پشتیوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پەلامارەکەیان ئەنجام داوە، بەڵام دوای شکستهێنانی هەوڵەکەیان هەڵاتوون."
ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوێنێ دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع ناوچەکانی هەسەدەی لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری فوراتی وەک ناوچەی سەربازی دەستنیشان کرد و داوای لە هەسەدە کرد بپ ڕۆژهەڵاتی فورات بکشێتەوە.