دوا پەیامی دەنگی ئەو شەڕڤانە ژنەی ئاسایشی شێخ مەقسود کە دوای " شەهیدبوونی " چەکدارێکی شەرع تەرمەکەی لە باڵەخانەیەکەوە فڕیدایە خوارەوە

‌دەنیز چیا

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ئەمڕۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ناسنامەی ٥ لە ئەندامانی لە ژن و پیاو ئاشکرا کرد، کە لە ١٠ی ئەم مانگەدا ئۆپەراسیۆنی فیدایییان دژی چەکدارانی "حکومەتی کاتی" ئەنجامداوە.

لە بەیاننامەکەدا ناوی " شەهیدەکان " بڵاوکراوەتەوە کە"دەنیز چیا، هاوار قەندیل، ڕۆژبین ئامارا، دلبرین قامیشلۆ، و فراشین عەفرین"، هەروەها ناسنامەی ئەو ئەندامەشی ئاشکرا کرد کە چەکدارانی حکومەتی کاتی بێڕێزییان بە تەرمەکەی کردبوو، ئەویش دەنیز چیایە.

فڕێدانی تەرمی " شەهیدێکی " ئاسایشی شێخ مەقسود لەلایەن چەکدارانی ئەلشەرعەوە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بەرفراوانی لەسەر ئاستی جەماوەری و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و داوای سزادانی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە کرا.

بەیاننامەکە کە هەوار نیوزی نزیک هەسەدە بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە دەنیز چیا، پێش " شەهیدبوونی" پەیامێکی ئاراستەی هەڤاڵانی و گەلەکەی کردووە و تێیدا هاتووە "لەم ساتانەدا، دوژمن کە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەموو جیهان و دانیشتووانی ناوچەکە بە تایبەت ژنان، بە تانکی گەورە گەمارۆی داوین. چەتە جۆراوجۆرەکان هێرشمان دەکەنە سەر و ئێمەش تا ئێستا شێوازی جیاوازمان بۆ بەرەنگاربوونەوەیان بەکارهێناوە، بەڵام ئێستا بە وریاییەکی زۆرەوە تەقەمەنییەکانمان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی تەواو نەبێت. پێویستە هەموو هەڤاڵانمان و گەلەکەمان بزانن کە ئێمە تا دوا هەناسە دەجەنگین هەرچییەک ڕوو بدات".

هەروەها دەشڵێت "داوامان لێ دەکرێت خۆمان ڕادەست بکەین، بەڵام وەک چۆن 'زەریفە' و 'بەسێ' لە شاخەکانی دێرسم خۆیان هەڵدا، و 'رەندخان' لەسەر پردی ماڵاباتی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و دواتر ژیانی دووبارە بونیاد نایەوە، ئێمەش هەرگیز لە بەرخودان پاشەکشە ناکەین. ئێستا هەموومان نارنجۆکێکمان لایە کە ئامادەمان کردووە. ئەگەر بزانین تەقەمەنیمان تەواو بووە، ئێمە هەر پێنجمان شانبەشانی یەک دژی دوژمنی فاشیست کە هەموو جۆرە تاوانێکی دژ بە هەڤاڵان و گەلەکەمان ئەنجامداوە، ئۆپەراسیۆنی فیدایی ئەنجام دەدەین. هەرچییەک ڕوو بدات، هیچ شتێک لە پاراستنی کەرامەتی گەلەکەمان گرنگتر نییە."




PM:04:13:14/01/2026