هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگەیاندراوێکیان لە بارەی هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرع لە دێرحافز و مەسکەنە و بەنداوی تشرین بڵاوکردەوە کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تا ئێوارە ١٢ جار هێرشیان ئەنجامداوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاش بۆردومانی کردوە.
چوار شەممە، ١٤ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند "لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیاندا گرووپەکانی حکومەتی دیمەشق هێرشی بەردەوامیان کردە سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین، لە هێرشەکاندا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ و تۆپخانە و هاوەنیان بەکارهێنا، ئەم گرووپانە بۆردوومانی زیاتر لە ١٢ شوێنیان لە گوندەکانی مەحشیە، شێخ حەسەن و گوندەکانی قشلێ کرد".
هەسەدە ئەوەشی ڕاگەیاندوە کە " گرووپەکانی دیمەشق هێرشەکانیان بە چەکی قورس زیادکردووە، هاوکات فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ناوچەکە بۆردوومان دەکەن، ئەم ئاڵۆزییانە مەترسی زیاتر لەسەر ئاسایشی هاوڵاتییان و ژێرخانی ناوچەکە دروست دەکات"
هەسەدە باس لەوش دەکات کە هێرشەکان ناوەندە خزمەتگوزاریەکان دەکاتەو ئامانج و ئەمەش دەبێتە هۆکاری دروستکردنی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆراک لە ناوچەکەدا.
"لە گۆڕەپانەکەدا، چەتەکان لە ژێر چەتری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دۆشکەدا، هەوڵیاندا بچنە ناو گوندی زوبێدە لە باشووری دێرحافر، بەڵام هێزەکانمان بە توندی وەڵامیان دایەوە"، هەسەدە وا دەڵێت.
لە بارەی بەشداریکردنی تورکیا لە هێرشەکاندا هەسەدە دەڵێت "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانەوە تا ئێستا چوار جار مەسکەنەیان بۆردوومان کردووە، ئەمە نیشانەیەکی ڕوونی زیادبوونی هێرشە ئاسمانییەکانە بۆ سەر ناوچەکە".
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکە هەسەدە وتویەتی "گرووپەکانی دیمەشق بەرپرسن لە زیادبوونی گرژییە سەربازی و ئەمنییەکان".