عەلی قەرەداغی "بانگەوازێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ و خوێن ڕشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە" لە سوریا دەکات و دەڵێت "تکایە شەڕ و کوشتار وەلابنێن، خوێنڕشتن ڕاگرن، لە پێناو ئاشتەوایی گشتگیر و بونیادنانی سوریایەکی نوێ".
چوار شەممە، ١٤ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی ئیسلام، داوای جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ١٠ ئادار دەکات و ڕایگەیاند "پابەندبوون بەو ڕێککەوتننامەیەی لە نێوان حکومەت و (هەسەدە) واژۆکراوە، و پەلەکردن لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی بە نیازێکی پاک و لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوو، کە مافە ڕەواکانی گەلی کوردی تێدا دەستەبەرکرابێت، ئەمە ئەرکێکی شەرعییە، هەروەک چۆن ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییشە، چونکە ئاشتەوایی خێرە، بەڵکو فەتحێکی ڕوون و مایەی خێر و بەرەکەتە بۆ گەلی سوریا".
عەلی قەرەداغی لە راگەیاندراوەکەدا باسی ڕۆڵی خۆی و هەوڵەکانی دەکات "هەوڵێکی زۆرم داوە بۆ ئاشتەوایی و نزیککردنەوەی لایەنەکان و هێشتاش بەردەوامم، داوا لە دڵسۆزان و چاکەخوازان دەکەم ئەوەی لە توانایاندایە بیکەن بۆ وازهێنان لە شەڕ و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنه واژۆکراوەکە و تەواوکردنی"
لە کۆتایی پەیەمەکەیدا سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی ئیسلام وتویەتی "ئەم بانگەوازەم ئاڕاستەی هەردوو لایەنەکە کردووە، و هیوا و گومانێکی زۆرم هەیە کە بە دەم ئەم داواکارییە وە بێن".
٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرع هێرشیان بۆ سەر هەردوو گەڕەکی کوردنشین لە حەلەب شێخ مەقسود و ئەشرەفیە کرد و لە ئێستا هێرشەکە پەرەی سەندوە بۆ دێرحافز و بەنداوی تشرین، وە لەو کاتەوە تا ئێستا ئەمە یەکەم ڕاگەیاندراوی سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی ئیسلامە.