هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، هۆشدارییەکی توند دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە تێکچوونی دۆخی مرۆیی و ئەمنی و ڕایدەگەیەنێت کە حکومەتی سوریا پێچەوانەی هەموو بەڵێنەکانی کار دەکات.
ئیلهام ئەحمەد ئاشکرای کرد، لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر گەڕەکی "شێخ مەقسود" ٧ کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی کوژراون.
ئاماژەی بەوە کرد کە قوربانییەکان لەناو پاسێکدا بوون و لەلایەن "درۆن"ـەوە کراونەتە ئامانج.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، دەڵێت'' هەموو ئەو بەڵێنانەی دیمەشق بە شاندە نێودەوڵەتییەکانی دەدات تەنها قسەن و لەسەر زەوی پێچەوانەکەی ئەنجام دەدەن و خەڵکی خۆیان قڕ دەکەن.''
هاوکات، ڕەخنەی توندی لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت لە ئاست ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە ژنە شەڕڤانان دەکرێت، لەکاتێکدا جیهان بە قەرزاری ئەوان دەزانێت لە تێکشکاندنی تیرۆردا.