پارتی وەڵامی شاسوار عەبدولواحید و بافڵ تاڵەبانی دەداتەوە


شاسوار عەبدولواحید داوای لە لایەنەکانی سەرکەوتوو بۆ پەرلەمانی کوردستان کرد، لە دەرەوەی پارتی حکومەت پێکبهێنن، بافڵ تاڵەبانیش وەڵامی دایەوە و ووتی شەممە خۆم و شاندی یەکێتی سەردانت دەکەین، پارتیش دەڵێت "کەس بەبێ ئێمە ناتوانێت حکومەت پیکبهێنێت".

پێنج شەممە، ١٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ یەکەم کۆنفرانسی دوای ئازادبونی لە زیندان ئەنجامدا و لەسەر چەند پرسێکی پەیوەست بە دۆخی هەرێمەوە قسەی کرد و رایگەیاند "کێ دەیەوێت هاوسەنگی هێز ڕاست بکەینەوە و یاسای بودجەمان هەبێت و پەرلەمان کارا بێت، ئامادەن هاوپەیمانێتی لەگەڵ بکەین".

بەر لەوەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکە تەواو ببێت بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی یەکەم جارە بە ڕاستەوخۆ سەیری کۆنفرانسێک دەکەم و "یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئەوانەی دەوێت، پێشنیازی من ئەوەیە ئەوە بە پرێس کۆنفرانس و تەلەڤزیۆن ناکرێت، بۆیە لێرەوە داوا دەکەم رۆژی شەممە شاندی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە خۆمەوە دێینە خزمەتتان ئەگەر بە جدیتانە، ئێمەش بە جیدیمانە و ئامادەین".

لەو کاتەدا ڕۆژنامەوانێک شاسوار عەبدولواحیدی ئاگادار کردەوە کە بافڵ تاڵەبانی وتویەتی شەممە سەردانت دەکات، شاسوار عەبدولواحید ووتی "با بێن بەخێربێن". 

دوای کاتژمێرێک میدیایەکی نزیک لە پارتی بڵاویکردەوە کە "سەرچاوەیەک لە لیژنەی دانوستانکاری پارتی پێی ڕاگەیاندوون ئێمە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنین و زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان هی ئێمەن، بۆیە هیچ لایەنێک بەبێ ئێمە ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت".

لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕیوەچوو، تا ئێستا کابینەی دە پێک نەهاتوە، وە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و ڕاسپاردنی سەرۆکوەزیران، پێویست بە ٥١ کورسی هەیە، پارتی ٣٩ کورسی هەیە، یەکێتی ٢٣ کورسی، نەوەی نوێ ١٥ کورسی.




PM:09:03:15/01/2026