هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیاندراوێکدا باس لەوە دەکات کە ڕێگری لە دانیشتوانی شاری دێرحافز ناکەن بۆ بە جێهێشتنی شارەکەیان، تەنها زۆری بۆردومانەکان لە لایەن چەکدارانی سەر بە شەرعەوە ڕێگاکانی پەکخستوە.
پێنج شەممە، ١٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند "هێزەکانمان بە توندی ئەو بانگەشە و تۆمەتانەیان ڕەت کردەوە کە لە لایەن وەزارەتی بەرگریـی حکوومەتی سووریاوە بڵاوکراونەتەوە، گوایە ڕێگری لە چوونەدەرەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی لە شاری دێر حافر دەکرێت".
هەسەدە هۆکاری پەککەوتنی جووڵەی هاووڵاتییان و ئاستەنگیەکانی بەردەمیانی گەڕاندەوە بۆ "دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو پەرەسەندنە سەربازییە مەترسیدارە و کۆکردنەوەی هێز و بۆردومانە بەردەوامانەیە کە گرووپ و هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا ئەنجامی دەدەن".
"لە کاتێکدا دیمەشق ئێمە تۆمەتبار دەکات، بەڵام خۆی لە ٦ـی ئەم مانگەدا بڕیاری فەرمی داخستنی تەواوی دەروازەکانی لەگەڵ ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەرکردووە" هەسەدە وا دەڵێت.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هەسەدە داوا لە ڕێکخراوە مرۆیەکان و نەتەوەیەکگرتوەکان دەکات ڕێگری بکەن لە کارەساتی مرۆیی و بێنە دەنگ.
شاری دێرحافر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب، جێگایەکی ستراتیژییە و وەک خاڵێکی بەیەکگەیشتن لە نێوان ناوچەکان دەبینرێت، گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرع لە ٦ کانوونی دووەمەوە هێرشەکانی چڕکردەوە بۆ سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە حەلەب و لە ئێستادا هێزێکی زۆریان ڕاوانەی دێرحافز کردوە و چەند جارێک هێرشیان کردوەتە سەر هەسەدە لەو ناوچەیەدا.