سەرۆکی شارەوانی هەولێر لە لێدوانێکدا باسی لە قۆناغی شەشەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە سنوری پارێزگای هەولێر دەکات و دەڵێت "ناوی ٨٠ هەزار فەرمانبەر لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەڕاوەتەوە".
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بە میدیاکانی ڕاگەیاند " گەڕانەوەی ناوی ئەو ٨٠هەزار فەرمانبەر لە ئەنجوومەنی وەزیران، قۆناغێکی گرنگی پڕۆسەکەیە بۆ زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لە سنووری پارێزگای هەولێر".
سەرۆکی شارەوانی هەولێر لە بارەی دەستکردن بە دابەشکردنی زەویەکانەوە وتی "کارەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەند نەبوون، مافی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەستەبەر بکرێت"
لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەکە تا ئێستا لە کابینەی نۆیەمدا، بە ٥ قۆناغی جیاواز ٣٣ هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە لە هەرێمی کوردستاندا