لیندزی گراهام: ڕازی نابین جگە لە کورد کەسی دیکە پاسەوانی زیندانیەکانی داعش بکا


سیناتۆری کۆمارییەکان، لیندزی گراهام،  لەبارەی ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی کاتی سوریا و تورکیا هۆشداری دەداتە ئەو دوو دەوڵەتە و دەڵێت "کەس وا بیر نەکاتەوە رازی دەبین زیندانییەکانی داعش لەبری کورد، لەلایەن سوپای سووریا یان تورکیاوە پاسەوانی بکرێن"

لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، هەینی ١٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ڕایگەیاند " نیگەرانییەکانم تادێت زیاتر دەبن کە حکومەتی نوێی سووریا لەگەڵ تورکیا رێکدەکەوێت بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی کوردی سووریا، کە بەهێزترین هاوپەیمانی ئێمەن لە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش لە سووریادا".

ئەو سیناتۆرە ئەوەشی نوسیوە کە هەسەدە  "نزیکەی نۆ هەزار لە خراپترین و مەترسیدارترین زیندانییەکانی داعشیان لەژێر دەستدایە، ئەمە لە بەرژەوەندیی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێمەدایە، کە ئەم زیندانیانە نەگەڕێنەوە بۆ بەرەکانی جەنگ".

" ئەگەر کەسێک پێی وابێت من یان هەر یەک لە هاوکارەکانم لەم قۆناغەدا ڕازی دەبین بەوەی زیندانییەکانی داعش لەبری کوردەکان، لەلایەن سوپای سووریا یان تورکیاوە پاسەوانی بکرێن، ئەوا بەداخەوە زۆر لە هەڵەدایە"، لیندزی گراهام وا دەڵێت.

ئەم بەیانییە هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە لە بارەی بەردەوامی و چڕکردنەوەی هێرشەکانی چەکدارەکانی سەر بە شەرع بە پاڵپشتی "فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا" کە لە ٦ ئەم مانگەوە بۆ سەر گەڕەکە کورد نشینەکانی حەلەب دەستی پێکردو و ئێستا پەیلیان کێشاوە بۆ دێرحافز.




PM:01:34:16/01/2026