لە مزگەوتێکی سلێمانی لەسەر قسە وتن بە شەڕڤانان خەڵکەکە مەلاکە بەر پیاز دەدەن
لە وتاری نوێژی نیوەرۆی هەینی رۆژی ١٦ ی کانوونی دووەمی مزگەوتی بەختەوەری لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی لە کاتێکدا وتاربێژەکە هێرشدەکاتە سەر شەڕڤان، خەڵکەکە رادەپەڕن لە مەلاکەو پێدەڵێن" تیرۆریست بڕۆ دەرەوە" و بەر پیازی دەدەن.
پەیامنێری ماڵپەڕی " سپی " لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد لە مەلا وتاربێژەکە لە وتارەکەیدا وتوویەتی " شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان موسڵمان نین و دژی ئاینی ئیسلامن"، هەروەها لە قسەکانیدا هیچ قسەیەکی نەرێنی لەسەر ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا نەکردووە کە هەفتەی رابردوو هێزەکانی هێرشیان کردە سەر هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیەو شێخ مەقسود لە شاری حەلەب و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی و هێزەکانی ئاسایش کوژران و، ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر خەڵکی مەدەنی دران و، تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ هاوڵاتی مەدەنی بێ سەروشوێنن.
ژمارەیەکی زۆر لەنوێژکەری ناو مزگەوتەکە لە مەلاکە دێنە دەنگی و پەلاماری دەدەن تا لێیبدەن، بەلآم چەند نوێژکەرێک ناهێڵن لێی بدەن، دواتر مەلای وتاربێژ بەر پیاز دەدەن. لە کاتی جێهشتنی مەزگەوەتەکەشدا مەلاکە رووبەڕووی فشاری ئەو خەڵکە زۆرە دەبێتەوە
دوای رووداوەکە ئاسایش دەگەنە شوێنی رووداوەکەو کەشەکە هێمن دەکەنەوەو وتاربێژەکە لەگەڵ خۆیان دەبن،( بۆ پاراستنی ).
PM:02:24:16/01/2026