بەرپرسێکی ئێرانی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە کە گرووپە جیاخوازە چەکدارە کوردەکان هەوڵی بەزاندنی سنوورەکانی دەدەن لە عێراقەوە بەرەو ناو خاکی ئێران، ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمە هەوڵی لایەنە دەرەکییەکانە بۆ قۆستنەوەی ئەو ناسەقامگیرییەی کە بەهۆی خۆپێشاندانە خوێناوییەکانی ئێرانەوە هاتۆتە ئاراوە.
ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە زاری سێ سەرچاوەوە، کە یەکێکیان بەرپرسە ئێرانییەکەیە، بڵاوی کردەوە کە دەزگای هەواڵگری تورکیا (MIT) پێشوەختە هۆشداریی داوەتە سوپای پاسدارانی ئێران سەبارەت بە جووڵەی چەکدارە کوردەکان کە بە نیاز بوون لە ڕۆژانی ڕابردوودا سنوورەکان ببەزێنن.
ئەو بەرپرسە ڕوونیکردەوە کە هێزەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ ئەو گرووپانەدا بە شەڕ هاتوون و، تۆمەتباریشیکردن بەوەی کە هەوڵیان داوە پشێوی بنێنەوە و جووڵەی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای جیاخوازی خۆیان بقۆزنەوە.
لە کاتێکدا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیا یان سەرۆکایەتی کۆمار لە ئەنقەرە دەرنەچووە، هەڵوێستی تورکیا وەک لایەنێکی هۆشداریدەر لە دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ئێراندا دەردەکەوێت؛ بەو پێیەی ئەنقەرە پێی وایە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی دەبێتە هۆی پەرەسەندنی قەیرانە هەرێمییەکان، بەتایبەتی لەگەڵ چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە باکووری عێراق.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەش کردووە کە چەکدارەکان "لە عێراق و تورکیاوە نێردراون"، و جەختی کردەوە کە تاران داوایەکی فەرمی ئاراستەی هەردوو وڵات کردووە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بە مەبەستی ڕاگرتنی هەر ئۆپەراسیۆنێکی گواستنەوەی چەکداران یان قاچاخچێتی چەک لە سنوورە هاوبەشەکانەوە، بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییە ئەمنییەکان.