مەلا هەڤاڵ فارس وتاربێژی مزگەوتی بەختەوەری لە سلێمانی کە وتارێکی لە دژی شەڕڤانان لە رۆژی هەینیدا خوێندبووەو هێرشی کردبووە سەریان، بە مادەی ٢٤٠ دەستگیرکرا کە حوکمەی لە شەش مانگ زیندانی زیاتر نابێت.
عقید کارزان شێرکۆ وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیاندنێکدا لەسەر ئەو رووداوە کە ئەمڕۆ هەینی ١٦ ی کانوونی دووەم لە مزگەوتی بەختیاری روویدا دەڵێت" نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠٢٦/١/١٦ لەمزگەوتی بەختەوەری گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی، ووتاری ڕۆژی هەینی بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایی و گرژی و ئاڵۆزی لەمزگەوتەکەدا".
هەروەها لە راگەیاندنەکەی ئاسایشی هەرێمدا هاتووشە"بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستبەجێ بۆ کۆتایی هێنان بەئاڵۆزییەکان وتاربێژەکەیان گواستەوە بۆ ئاسایشی سلێمانی، (هەڤاڵ فارس مەولود) پیشەی ئەندازیارە و خۆبەخشانە ووتاربێژی (مزگەوتی بەختەوەری)ە".
لە درێژەی راگەیاندنەکەدا لەبارەی دەستگیرکردنی وتاربێژەکە، دەڵێت " دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ناوبراو لە وتارەکەی ئەمڕۆیدا هەندێک دەستەواژەی نەشیاوی بەرامبەر بەکوردانی ڕۆژئاوا بەکارهێناوە و ئەمەش بۆتەهۆی ناڕەزایی لای نوێژ خوێنانی ئەو مزگەوتە."
لە بارەی ئەو مادەیەی پێی تۆمەتبار کراوە، لە راگەیاندنەکەی ئاسایشدا، هاتووە" لە ئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بە
ماددەی (٢٤٠)لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە".
مادەی ٢٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی، تۆمەتبار سزادەدرێت بە بەندکردن (حەبس) بۆ ماوەیەک کە لە شەش مانگ زیاتر نەبێت، یان بە پێبژاردن (غەرامە) کە لە سەد دینار زیاتر نەبێت، هەر کەسێک سەرپێچی ئەو فەرمانانە بکات کە لەلایەن فەرمانبەرێک، یان کەسێکی ڕاسپێردراو بە خزمەتگوزارییەکی گشتی، یان ئەنجومەنە شارەوانییەکان یان دەسەڵاتە کارگێڕییەکانەوە دەرکراون.