کەلار.. بەهۆی هێرش بۆ سەر شەڕڤانان مەلایەک لە وتاربێژی دوورخرایەوە

‌مەلا شێرکۆ کەریم هێرشیکردە سەر شەڕڤانان

وتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتی دایک لە کەلار لە وتاری ئەمرۆ هەینیدا، هێرشدەکاتە سەر شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان، زۆری خەڵکە بەشداربووەکە ئەو هێرشانە قبوڵ ناکەن و دەنگی ناڕەزایەتی بەرزدەکەنەوە، دواتر هێزێکی ئەمنی سنوورەکە بۆ لێکۆڵینەوە بانگی دەکەن.

 لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا مامۆستا سەباح محەممەد ساڵح، بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان لەگەڵ پشتڕاستکردنەوە دەستگیرکردنی ئەو مەلایە کە ناوی شێرکۆ کەریمە، وتی " لە ئەمڕۆوە مامۆستا ناچێتەوە مزگەوت و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەش دروست دەکرێت، چونکە بەپێی یاساو ڕێنمایەکان دەبێت وتاربێژانی مزگەوتەکان پابەندبن بەو وتارانەی کە گشتاندنی پێدەکرێت وە مزگەوت جێگای بابەتی سیاسیی نییە و نابێت".

هێزە ئەمنییەکان کامێرای مزگەوتەکەیان بردووە تا گوێ لە وتارەکەی بگرن بزانن چ هێرشێکی کردۆتە سەر شەڕڤانان و چ سووکایەتییەکیان پێکردوون تا مامەڵەی یاسایی لەگەڵدا بکرێت.

 لە سلێمانیش هاوشێوەی گەرمیان مەلایەک لە مزگەوتی بەختەوەری هێرشی کردە سەر شەڕڤانانی رۆژئاواو خەڵکە نوێژکەرەکە بەر پیازیاندا و بە هوتافی " تیرۆریست " کردایەنە دەرەوە، دواتریش ئاسایش بەپێی مادەی ٢٤٠ دەستگیریان کرد ئەو مادە یاساییە تا شەش مانگ زیندانیکردنی تێدایە.




PM:07:04:16/01/2026