ڕانیە.. بەهۆی هێرش بۆ سەر کوردانی ڕۆژئاوا هاوڵاتیان مەلای مزگەوتی باوکیان بایکۆت کرد


لە شاری ڕانیە، بەهۆی هێرشکردنە سەر کوردانی ڕۆژئاوا نوێژخوێنانی مزگەوتی باوک وتاری ئەمڕۆیان بایکۆت کرد. 

بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، ئەم ناڕەزایەتییە دوای ئەوە هات کە مامۆستای مزگەوتەکە لە کاتی وتاردانیدا پشتیوانی خۆی بۆ (ئەحمەد شەرع) دەربڕیوە و بە وتەی ئامادەبووان، سوکایەتی و دژایەتی بەرامبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە.

ئەمڕۆ هەینی، لە چەند شارێکی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە نوێژخوێنان وتاری هەینییان بایکۆت کرد و ناڕەزایەتی توندیان دژی ئەو مامۆستا ئاینییانە دەربڕی کە لە وتارەکانیاندا هێرشیان کردبووە سەر ڕۆژئاوای کوردستان.

هەر ئەمڕۆ مزگەوتی بەختەوەری لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی لە کاتێکدا وتاربێژەکە هێرشدەکاتە سەر شەڕڤان، خەڵکەکە رادەپەڕن لە مەلاکەو پێدەڵێن" تیرۆریست بڕۆ دەرەوە" و بەر پیازی دەدەن.

مەلا وتاربێژەکە لە وتارەکەیدا وتوویەتی " شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان موسڵمان نین و دژی ئاینی ئیسلامن"، هەروەها لە قسەکانیدا هیچ قسەیەکی نەرێنی لەسەر ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا نەکردووە کە هەفتەی رابردوو هێزەکانی هێرشیان کردە سەر هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیەو شێخ مەقسود لە شاری حەلەب و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی و هێزەکانی ئاسایش کوژران و، ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر خەڵکی مەدەنی دران و، تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ هاوڵاتی مەدەنی بێ سەروشوێنن.

هەروەها، وتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتی دایک لە کەلار لە وتاری ئەمرۆ هەینیدا، هێرشدەکاتە سەر شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان، زۆری خەڵکە بەشداربووەکە ئەو هێرشانە قبوڵ ناکەن و دەنگی ناڕەزایەتی بەرزدەکەنەوە، دواتر هێزێکی ئەمنی سنوورەکە بۆ لێکۆڵینەوە بانگی دەکەن.




PM:09:42:16/01/2026