سەرۆکی کاتی سووریا مەرسوومێکی مێژوویی بۆ چەسپاندنی مافەکانی کورد دەرکرد، کە تایبەتە بە ناساندنی مافە نەتەوەیی، کولتووری و یاساییەکانی هاووڵاتییانی کوردی سووریا.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، مەرسوومی ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٦ی دەرکرد. مەرسوومەکە تایبەتە بە ناساندنی مافە نەتەوەیی، کولتووری و یاساییەکانی هاووڵاتییانی کوردی سووریا و کۆتایی هێنان بە چەندین ساڵ جیاکاریی یاسایی.
لە مەرسومەکەدا هاتووە:
١- هاووڵاتییانی کوردی سووریا بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریان و ناسنامەی کولتووری و زمانەوانییان بە بەشێکی دانەبڕوای ناسنامەی نیشتمانیی فرەڕەنگی سووریای یەکگرتوو دادەنرێت.
٢- هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم یاسا و رێکارە تایبەتەکانی سەرژمێریی ساڵی ١٩٦٢ لە پارێزگای حەسەکە و پێدانی وڵاتینامەی سووری بە هەموو هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی سووریا، لەنێویاندا ئەوانەی بێ ناسنامەن، لەگەڵ هاوتاکردنی تەواوەتییان لە ماف و ئەرکەکاندا.
٣- دیاریکردنی جەژنی نەورۆز (٢١ی ئادار) وەکو پشوویەکی فەرمیی بە مووچەوە لە سەرتاسەری سووریادا، بەو پێیەی جەژنێکی نیشتمانییە و گوزارشت لە بەهار و برایەتی دەکات.
٤- دامەزراوە میدیایی و پەروەردەییەکانی دەوڵەت پێویستە گوتارێکی نیشتمانیی گشتگیر پەیڕەو بکەن و هەر جۆرە جیاکارییەک لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان زمانی قەدەخەیە.
٥- دەوڵەت پابەندە بە پاراستنی فرەڕەنگیی کولتووری و زمانەوانی. هەروەها مافی هاووڵاتییانی کوردی دەپارێزێت لە زیندووهێشتنەوەی کەلەپوور، هونەر و گەشەپێدانی زمانی دایکیان لە چوارچێوەی سەروەریی نیشتمانیدا.
٦- وەک زمانێکی نیشتمانی دادەنرێت و وەک بەشێک لە سیستمی خوێندنی بژاردە و چالاکیی کولتووری و پەروەردەیی، رێگە بە خوێندنی لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا دەدرێت لەو ناوچانەی کورد رێژەیەکی بەرچاوی دانیشتووانی پێکدەهێنن.
٧- دەوڵەت پابەندە بە پاراستنی فرەڕەنگیی کولتووری و زمانی و مافی هاووڵاتییانی کورد بۆ زیندووکردنەوەی کولتوور، هونەر و پەرەپێدانی زمانی دایکیان مسۆگەر دەکات.
ئەم مەرسوومە کە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراوەتەوە، لە ڕێکەوتی دەرچوونییەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ دابینکردنی ڕێنماییە پێویستەکان.