مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک گەیشتنە هەولێر و بڕیارە لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، گرژییەکانی سووریا و ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار تاوتوێ بکەن.
کەمێک پێش ئێستا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا؛ گەیشتنە هەولێر.
بڕیارە تۆم باراک و مەزڵووم عەبدی، ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ ، لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا، شەڕەکەی ئەم دواییەی هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب و چەند پرسێکی دیکەی گرنگ تاوتوێ بکەن.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەسەدە و سوپای سووریا لە ماوەی ڕابردوودا پەرەیان سەندووە. بەتایبەتی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب، پێکدادانی قورس ڕوویداوە و بووەتە هۆی شەهیدبوونی دەیان هاووڵاتیی کورد و ئاوارەبوونی هەزارانی دیکە.
ئەم گرژییانە بوونەتە هەڕەشە لەسەر ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئازاری ساڵی پار. ئەو ڕێککەوتنە لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا واژۆ کرابوو.