جێگری سەرۆک ترامپ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر دیمەشق بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی کورد، سزاکانی "قەیسەر" دەسەپێنێتەوە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کردووە، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی حکومەتی کاتی سوریا کردووە ناکۆکییەکانی لەگەڵ کورد لە رێگەی سیاسی وگفتوگۆوە چارەسەر بکات.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی ئەمەریکا هەڕەشەیان لە شەرع کردوە، ئەگەر بێت و بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، سزاکانی "قەیسەر" دەسەپێنێتەوە.
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاشەوە ڕایگەیاندووە" واشنتۆن نیگەرانە لە فراوانبوونی هەڵمەتی شەریعەت دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، ڕوونیشیکردەوە کە فراوانکردنی ئەو هەڵمەتە هەڕەشەی دروستکردنی درز لە نێوان هەردوو هاوبەشی ئەمریکی لە شەڕی دژی داعش دەکات".
ئەمە لە کەتێکدایە کە ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا؛ گەیشتنە هەولێر.
بڕیارە تۆم باراک و مەزڵووم عەبدی، ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥، لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا؛ شەڕەکەی ئەم دواییەی هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب و چەند پرسێکی دیکەی گرنگ تاوتوێ بکەن.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەسەدە و سوپای سووریا لە ماوەی ڕابردوودا پەرەیان سەندووە. بەتایبەتی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب، پێکدادانی قورس ڕوویداوە و بووەتە هۆی شەهیدبوونی دەیان هاووڵاتیی کورد و ئاوارەبوونی هەزارانی دیکە.
ئەم گرژییانە بوونەتە هەڕەشە لەسەر ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئازاری ساڵی پار. ئەو ڕێککەوتنە لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا واژۆ کرابوو.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کۆبوونەوەی هەولێر بەشێکە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکە.