بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید: ڕێکەوتنەکەمان بۆ گۆڕینی سیستمی حکومڕانیە

‌کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی سەرۆکی یەکێتی و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید، دوای کۆبونەوەکەیان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و لەسەر ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیان و پلانەکانیان بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و گۆڕینی سیستمی حکومڕانی قسەیانکرد. 

شەممە، ١٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە بارەی ڕێکەوتنەکەیانەوە ئاماژەیان بەچەند خاڵێک کرد، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند "ڕێکەوتنەکەمان دژی کەس نییە، بۆ ئەوەیە کوردستان پێشبکەوێت، بەجدیمە کێش دەیەوێت گۆڕانکاری دروست ببێت، با بێتە ناو ڕێکەوتنەکەی ئێمەوە".

شاسوار عەبدولواحید سەبارەت بە ڕێکەوتنەکەیان ڕایگەیاند " ئەگەر لەسەر هەموو خاڵەکان ڕێکبکەوین و واژۆی بکەین، یەکەم سودی ئەوەیە باڵانسی هێز دەگێڕینەوە، ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوە دروست بوە سیستمی حکومڕانی بگۆڕێت، داوا لە لایەنەکانی دیکە دەکەم لە گەڵماندا ئەو ڕۆڵە ببینن".

سەرۆکی نەوەی نوێ لە وەڵامی ئەوەی ئەم ڕیکەوتنە پەیوەندی بە دەستگیرکردنەکەیەوە هەیە، لە وەڵامدا وتی " کاک بافڵ خۆی لێرەیە، ساڵێک پێش ئێستا داوامکرد حکومەت پێکبهێنین، وەڵامیان نەدامەوە، ئەمجارە وەڵامیان دامەوە، گرتنەکەم نایاسایی بوو، ئازادکردنم یاسایی بوو بە کەفالەت بەربووم".

سەرۆکی یەکێتیش وتی "ساڵی ڕابردوو بیرکردنەوەمان جۆرێکیتر بوو، ئەمجارە بۆ ئەوە وەڵاممان دایەوە چونکە دەمانەوێت پێکەوە بە ٣٨ کورسیەوە گۆرانکاری بکەین و سەردانی لایەنەکانی دیکەش دەکەم".

"ئێمە لەگەڵ نەوەی نوێ ڕێکەوتوین بیر و بۆچونمان بۆ حکومڕانی زۆر وەک یەکە، فراکسیۆنەکانمان کردوە بە یەک، دەبێت لەگەڵ هەموو لایەنەکان قسە بکەین، پارتیش لەو لایانانەیە کە دەبێت قسەی لەگەڵ بکەین، ئامانجمان تاکتیک نیە ستراتیژیە، گفتوگۆکانمان ئاسان نەبوە کاک شاسوار زۆر گلەیی کردوە، ئێمەش ڕازی نین لەم حکومڕانییە، بەڵام یەکێتی، ئەم چەند ساڵە لە حکمەتدا نەبوایا، ئێستا وەزع چەند خراپە، ئەوکات دە ئەوەندە خراپ ئەبوو"، بافڵ تاڵەبانی وا دەڵێت.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەکرد "ڕێکەوتنەکەمان بۆ ئەوەیە سیستمی حکومڕانی لە هەرێم بگۆڕدرێت، بۆ دژایەتەی و شەڕ نییە و بۆ باشترکردنی دۆخی خەڵکە، هەشت دەسەڵاتە ئەساسیەکە لای پارتیە و دەبێت ئەمە بگۆڕین".

لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا بافڵ تاڵەبانی، لە بارەی ڕێکەوتنیان لەگەڵ پارتی باسی لەوەکرد "لەگەڵ پارتی نەگەیشتویەنەتە هیچ ڕیکەوتنێک، هەڵەکە ئەوە نیە ئێمە ڕێکەوین، هەلەیە ڕێك نەکەوین، ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ پارتی لەسەر چەند پرس ڕێکبکەوین و بە یەک بەربژێر بچینە بەغداد بۆ پۆستی سەرۆ کۆمار".

١٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا شاسوار عەبدولواحید، ووتی "پرۆژەیەکمان هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت و چالاککردنەوەی پەرلەمان، لە دەرەوەی پارتی  دەتوانین لەگەڵ هێزەکانی دیکە ڕێک بکەوین"، بافڵ تاڵەبانیش لە هەمانکاتدا بە گرتە ڤیدیۆیەک وەڵامی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێێ دایەوە و وتی "شەممە خۆم و شاندێک دێینە لات"، هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی یەکێتی ئەم بەیانییە، سەردانی محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکراتی کرد، بەڵام بافڵ تاڵەبانی لە بارەی هاتنە ناوەوەی ئەو حزبە بۆ ناو ڕێکەتنەکەیان ووتی "کاکە حەمە ڕەنگە ئامادە نەبێت، بێتە ناو ئەم ڕێکەوتنە". 

لە تشرینی دووەم ٢٠٢٤، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوە، بەڵام تا ئێستا لایەنەکان نەگەیشتونەتە هیچ ڕیکەوتنێک بۆ پێکهێنانی کابینەی دە. 




PM:02:41:17/01/2026