هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگەیاندراوێکی بە پەلەی بڵاوکردەوە و باس لە گەمارۆدانی چەند شەڕڤانێکیان دەکات لە لایەن چەکدارانی ئەحمەد شەرع و دەڵێت "سەلامەتی ئەو شەڕڤانانە لە ئەستۆی هێزە نێودەوڵەتیەکان و حکومەتی دیمەشقە".
شەممە، ١٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، هەسەدە ڕایگەیاند "گرووپێک لە شەڕڤانانمان لە دێرحافر و مەسکەنە گەمارۆ دراون، سەرەڕای ئەوەی لە ڕێککەوتنەکەدا وادەی ٤٨ کاتژمێری دیاریکراوە بۆ کشانەوەی هێزەکانمان، بەڵام حکومەتی دیمەشق ڕێککەوتنەکەی پێشێل کرد و بە بەکارهێنانی تانک هێرشی کردە سەر شەڕڤانانمان".
"ئێمە حکومەتی دیمەشق و هێزە نێودەوڵەتییەکانی پاڵپشتی ڕێککەوتنەکە بە تەواوی بەرپرسیار دەزانین لە سەلامەتی و ژیانی شەڕڤانە گەمارۆدراوەکانمان، جەختیش لەسەر پێویستی دڵنیابوون لە گەڕانەوەی سەلامەتیان لەگەڵ چەکەکانیان بۆ هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەینەوە"، هێزەکانی سوریای دیموکرات وا دەڵێت.
بە هۆی هێرشەکانی چەکدارانی شەرعەوە ئەمڕۆ چەندین جار هەسەدە ڕاگەیاندراوی جیاجیای لە بارەی پێشێلکاریەکانی ئاگربەستەوە ڕاگەیاندوە.