کرماشان.. منداڵێکی سێ ساڵان لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە کوژرا

‌وێنەی مێلینا ئەسەدی

پزیشکێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە زانیاری لە بارەی کوژرانی منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ لە خۆپیشاندانەکانی شاری کرماشان ڕادەگەیەنێت و دەڵێت "ئەم منداڵە بە دەستی هێزێکی یەکپۆشی حکومی کوژراوە".

پزیشکێک کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە بە ئینستیتیوتی ڕاهێنانی تاڤانای ڕاگەیاندوە "هەموو کەس شایەتحاڵی ئەوە بوون کە ئەم منداڵە بە دەستی هێزێکی یەکپۆشی حکومی کوژراوە، ئەو شەوە حکومەت لە کاتی ناڕەزایەتییەکان کوشتنەکەی وەک مردن تۆمار کرد، بەڵام دواتر هەوڵیدا بە دروستکردنی سیناریۆیەکی نوێ ڕای گشتی و کاردانەوە سۆزدارییەکانی کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵ بکات".

بەپێی زانیارییەکان ئەو منداڵە ناوی مێلینا ئەسەدیە و تەمەنی سێ ساڵە

ئەو پزیشکە لە بارەی زۆری ڕێژەی برینداری و گیان لە دەستدان لە نەخۆشخانەکانی کرماشان بە هەمان سەرچاوەی وتوە "لە ماوەی ئەو دوو شەوەدا هەموو نەخۆشخانەکانی شارەکە چ حکومی و چ تایبەت، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی بریندار و مردوو بوونەتەوە، ئەمبولانس و خەڵک بریندارەکانیان دەگواستەوە بۆ هەموو ناوەندێکی پزیشکی".

لە ٢٨ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردوە و تا ئێستا بەردەوامە، نزیکەی دە ڕۆژە هەموو تۆرەکانی پەیوەندی بۆ ناوەوە و دەرەوەی ئێران بڕادراون و ڕاپۆرتە نافەرمیەکانیش باس لە کوشتنی هەزارەها کەس دەکەن، جگە لە برینداربوون و دەستگیرکردن. 




PM:05:52:17/01/2026