نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار دەکرێتەوە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بڵاوکردەوە.
لە پەیوەندییەکەدا دۆخی عێراق، هەرێم و ناوچەکە بە گشتی تاوتوێکرا، بەتایبەتیش تیشک خرایە سەر پەرەسەندنە ئەمنییەکانی وڵاتی سوریا.
هەر دوولا نیگەرانییەکی قووڵیان بەرامبەر بە پێکدادان و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی سوریا دەربڕی، لەم چوارچێوەیەدا داوایان لە هەموو لایەنەکان کرد کە دان بە خۆیاندا بگرن و کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بکەن، بە ئامانجی دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان.
خاڵێکی سەرەکی گفتوگۆکە بریتی بوو لە پرسی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سوریا. نێچیرڤان بارزانی و ماکرۆن پشتگیری خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی گفتوگۆکان دەربڕی.
جەختیان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار کردەوە وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەر و پاراستنی خەڵکی مەدەنی وەک لە پێشینەی کارەکان ناوبرد.
لە لایەن خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ نێوەندگیری و هەوڵدان لەپێناو ئارامکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان لە سوریا.