ئەمریکا داوا لە سوپای سوریا دەکات هێرشەکانی رابگرێت

ڕاگەیەندراوێک لەلایەن ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، بڵاوکرایەوە و داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی سوپای سوریا دەکات. 

فەرماندەکەی سێنتکۆم دەڵێت'' داوا لە هێزەکانی سووریا دەکەین هەر کارێکی هێرشبەرانە لە ناوچەکانی نێوان حەلەب و تەبقا ڕابگرن.'' 

سەبارەت بە هەوڵە دیبلۆماسییەکان وتی'' پێشوازی لە هەوڵەکانی هەموو لایەنەکان لە سووریا دەکەین بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان و گەڕان بەدوای چارەسەردا لە ڕێگەی گفتوگۆوە.'' 

جەختیشیکردەوە لەوەی، ڕاوەدوونانی توندی ڕێکخراوی داعش پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانی هاوبەشە سوورییەکانمان هەیە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە، ١٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، لە ناوچەکانی مەسکەنە و دبسی عەفنان لە ڕۆژئاوای فورات، فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە شکاندن و پێشێلکردی ئاگربەستی ٤٨ کاتژمێری نێوان هەسەدە و چەکدارانی شەرع بە بۆمبی ئاگادارکردنەوە لە چەکدارەکانی شەرع دەدات تا پێشڕەوی نەکەن. 




PM:09:11:17/01/2026