فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، سەردانێکی فەرمی یەک ڕۆژە بۆ تاران ئەنجام دەدات و لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆدەبێتەوە بۆ هەوڵەکانی نێوەندگیریی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ڕایگەیاند" بەرنامەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوە چاوپێکەوتن لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵا، لەوانەش ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەگرێتەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا".
ئامانجی ئەم سەردانە تاوتوێکردنی هەوڵەکانی نێوەندگیرییە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران.
ئەم سەردانە لە کاتێکی هەستیاری ناوچەکەدا دێت، کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گرژییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و مەترسییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە ئەگەری هەڵگیرسانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی زیادیان کردووە. جووڵە دیپلۆماسییەکانی بەغدا لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و پاراستنی سەقامگیری.
هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانەدا، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای بە بەرپرسیاری قوربانی و زیانە مادییەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران لەقەڵەمدا و واشنتن و ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە هاندان و دەستوەردان بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵاتەکەی.
خامنەیی جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی "پەلکێشی ناو جەنگ ناکرێت"، بەڵام لە هەمان کاتدا "ڕێگە نادات ئەو کەسانەی تێوەگلاون، چ لە ناوخۆ بن یان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، لە سزا ڕزگاریان" بێت.