ئۆجەلان: ئەوەی لە سوریا روودەدات هەولێکە بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی

عەبدوڵا ئۆجالان ڕایدەگەیەنێت کە ئامانج لەو شەڕەی لە سووریا دژ بەڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە تێکدانی پرۆسەی ئاشتییە و ئامادەییش دەردەبڕێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی لە ڕاگرتنی شەڕەکەدا هەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندی ئیمرالی دەم پارتی ناوەڕۆکی دیدارەکەی دوێنێ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ئیمرالی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" لە ڕێکەوتی ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە ئیمرالی دیدارێکمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا کە نزیکەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاند".

ئەوەشی خستەڕوو کە لە دیدارەکەدا" بەڕێز ئۆجالان ڕایگەیاند کە ئەو پابەندە بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و جەختی کردەوە کە ڕوانگەی (پێشنیاری) ٢٧ی شوبات وەک خۆی ماوەتەوە و کارایە. لەم چوارچێوەیەدا، جارێکی دیکە جەختی لە گرنگی هەڵگرتنی هەنگاوە پێویستەکان بۆ پێشخستنی پرۆسەکە کردەوە".

ڕاشیگەیاند" تەوەری سەرەکیی دیدارەکە بریتی بوو لە پەرەسەندنەکانی سووریا. بەڕێز ئۆجالان ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی پێکدادانەکان و زیادبوونی گرژییەکانەوە زۆر نیگەرانە، و ئەم دۆخەی وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک وەسف کرد. بە پێداگرییەوە جەختی لەوە کردەوە کە تەواوی کێشەکانی سووریا تەنها لە ڕێگەی دیالۆگ، دانوستان و لۆژیکەوە چارەسەر دەکرێن".

لە ڕاگەیەندراوەکەی دەم پارتیدا هاتووە کە ئۆجالان ڕایگەیاندووە" ئامادەیە بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت و لە بارودۆخی شەڕ و پێکدادان دەربهێنرێت. لەمبارەیەوە بانگەوازەکەی بۆ هەموو ئەکتەر و لایەنەکان دووپات کردەوە کە ڕۆڵی ئەرێنی خۆیان بگێڕن و بە وریایی و بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن"..



AM:11:52:18/01/2026