فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیامێکیدا بۆ ئاژانسی هاوار نیوز، باس لە هەوڵەکانیان دەکات بۆ وەستاندنی شەڕ و داواش لە خەڵک دەکات لە دەوری شەڕڤانەکان کۆببنەوە.
یەک شەممە، ١٨ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، ڕایگەیاند "سەرەڕای هەموو هەوڵ و کۆششەکانمان بۆ ڕاگرتنی پەرەسەندنەکان و کارکردن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام هێرشەکان تا ئێستاش بەردەوامن".
مەزڵوم عەبدی، ووتی "بە گەلەکەمان ڕادەگەیەنین کە هەوڵەکانمان بۆ ئاگربەست و ئارامکردنەوەی دۆخەکە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن، بۆیە بانگەوازی لە گەلەکەمان دەکەین بە ئیرادەیەکی بەرزەوە لە دەوری ڕۆڵە و شەڕڤانانی خۆیان بووەستن و پێداگربن لە ئیرادە و باوەڕییەکانی خۆیان".
١٦ کانوونی دووەم، مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند، لەسەر داوای هاوپەیمانان هێزەکانمان لە دێر حافز و مەسکەنە کشانەوە. دواتر ئاگربەستی ٤٨ کاتژمێری ڕاگەیاندرا، بەڵام گروپە چەکدارەکانی سەر بەشەرع بە پێی ڕاگەیاندراوەکانی ڕۆژی ڕابردووی هەسەدە و ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوبونەوە چەندین جار ئاگربەستیان شکاندوە و پابەند نەبوون پێوەی.