ئەمریکا پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە دەکات

 ئەمریکا بە فەرمی پشتیوانی خۆی بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست و تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ حکومەتی سووریا ڕاگەیاند. 

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، دەڵێت'' هەریەکە لە ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی وەک "دوو سەرکردەی گەورە" ناوبرد کە توانییان لەپێناو رزگارکردنی وڵات لە ستەمکاری، زمانێکی هاوبەش بدۆزنەوە و لەبری دابەشبوون، هاوبەشی هەڵبژێرن.''

باراک جەختی کردەوە کە کورد بەشێکی دانەبڕاوی سووریایە و واشنتن چاوەڕوانی تێکەڵبوونی بێ کێشەی هەسەدە لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەکات. 

هاوکات، ئاشکرای کرد کە چیتر دەوڵەتی سووریا بووەتە نوێترین ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەمەش وەرچەرخانێکی مێژووییە لە پەیوەندییەکانی دیمەشق و واشنتن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

وتیشی'' ئەمریکا بەڵێنی داوە لە هەموو قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنەدا پاڵپشت بێت، چونکە ئەم هەنگاوە خزمەت بە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و تێکشکاندنی کۆتایی داعش دەکات.'' 




PM:08:18:18/01/2026