ئەنەکەسە پێشوازی لە "مەرسوومی ١٣" و مافە کلتوورییەکانی کورد دەکات

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە فەرمی پێشوازی لە مەرسوومی ژمارە ١٣ی سەرۆککۆمار ئەحمەد شەرع کرد. 

ئەنجوومەنەکە ئەم بڕیارە بە "هەنگاوێکی ئەرێنی و یەکەمین نزیکبوونەوەی فەرمی" دەبینێت کە دان بە کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی سووریا و مافە کلتوورییەکانیدا دەنێت.

ئەنەکەسە دەستخۆشی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی سەرژمێرییە نائاساییەکەی ساڵی ١٩٦٢ دەکات، کە بووە هۆی بێبەشکردنی هەزاران کورد لە مافی هاووڵاتیبوون. 

هەروەها ناساندنی جەژنی نەورۆز وەک جەژنێکی نیشتمانی لە سەرانسەری سووریا، بە دەستکەوتێکی مەعنەوی گەورە بۆ گەلی کورد وەسف دەکات.

ئەنجوومەنەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم مەرسوومە دەبێت ببێتە سەرەتایەک بۆ "دانپێدانانی دەستووری" بە مافە نەتەوەییەکانی کورد. 

ئەنەکەسە داوا دەکات لە دەستووری نوێی وڵاتدا مافە سیاسی و کارگێڕییەکان لە چوارچێوەی "دەوڵەتێکی دیموکراتی لامەرکەزی"دا بە ڕوونی جێگیر بکرێن.

لە کۆتاییدا، ئەنەکەسە پشتیوانی خۆی بۆ ئاگربەستە گشتگیرەکەی ئەمڕۆ ڕاگەیاند و داوای کرد ئەم کەشە نوێیە بکرێتە دەرفەتێک بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی جدی لە نێوان حکومەت و شاندی کوردی، بە مەبەستی گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام و شەراکەتی ڕاستەقینە لە سووریای نوێدا.




PM:09:00:18/01/2026