مەسعود بارزانی و ئەحمەد شەرع پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا و باس لە بارودۆخی کورد لە سوریا کراوە.
لە پەیوەندییەکەدا باس لە دوایین گۆڕانکارییەکانی سووریا و ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەی نێوان حکومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرا، کە تێیدا هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی ئەم هەنگاوە بۆ ئاییندەی وڵات کردەوە.
ئەحمەد شەرع دووپاتی کردەوە کە حکومەتەکەی پابەندە بە ڕەچاوکردنی مافەکانی کورد و پاراستنیان لە سووریا، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەموو کێشە و گرفتەکان بەپێی ئەو ڕێککەوتنە چارەسەر دەکرێن کە لە نێوان هەردوولادا واژۆ کراون، بە جۆرێک کە سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.
لای خۆیەوە، مەسعود بارزانی جەختی لە پێویستیی گەرەنتی کردنی مافەکانی گەلی کورد لە سووریا کردەوە.
هەروەها دەستخۆشی لە دەرچوونی مەرسوومی ژمارە ١٣ی سەرۆکایەتی سووریا کرد و بە هەنگاوێکی "دروست" و "ئیجابی" وەسفی کرد کە دەکرێت ببێتە بنەمایەکی پتەو بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانی کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی نوێدا.