لیندزی گراهام، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بەرەبەیانی ئەمڕۆ نیگەرانی خۆی ڕاگەیاندوە لە بارەی ئەو ئاگربەستەی لە نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی سوریا کراوە و چەند پرسیارێک دەوروژێنێت و دەڵێت " هیوادارم پڕ بێت لە بەڵێن و گۆڕانکاری، بەڵام نیگەرانی و پرسیارم هەیە".
دوو شەممە، ١٩ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان، ڕایگەیاند " ئایا ئەم ڕێککەوتنە ئاگربەستە لەگەڵ هیچ هاوبەشێکی ناوچەیی جگە لە تورکیا دانوستان کراوە؟ ئایا هیچ هێزێکی تورکیا دەستی هەبووە لە هەر دەستدرێژییەکی ئەم دواییە بۆ سەر خاکی کورد؟ ئایا ئەم ڕێککەوتنە پێشبینی سەربازانی تورکیا دەکات لەسەر زەوی لە داهاتوودا لەم ناوچەیەدا؟ لە کۆتاییدا ئایا پێش دانوستان لەسەر ئەم ڕێککەوتنە هیچ پەیوەندییەک یان هەماهەنگییەک لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە و چ زانیارییەکیان داوە، ئەگەر هەبووبێت؟".
لە بارەی پەیوەندی نێوان ئەمریکا و هەسەدە ئەو سیناتۆرە وتویەتی "یەکێک لە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا سەبارەت بە سوریا هاوبەشیمان بووە لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە کە سەرکردایەتی هەوڵەکانی شکستپێهێنانی داعش و بەرپەرچدانەوەیان کردووە".
لە کۆتایدا لیندزی گراهام نوسیویەتی "من پەیوەندییەکی نزیکم لەگەڵ هەسەدە هەیە و چاوەڕوانی وەڵامی تەواو بۆ ئەم پرسیارانە و زیاتریشم بە زووترین کات".
١٨ کانوونی دووەم، ڕێکەوتنێکی ١٤ خاڵی لە لایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریاوە واژۆ کرا بۆ ئاگربەستیان لەگەڵ هەسەدە و بڕیارە ئەمڕۆ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە سەردانی دیمەشق بکات و لەگەڵ شەرعدا کۆبێتەوە.
لە ڕۆژی ٦ کانوونی دووەمەوە گروپە چەکدارەکانی سەر بەشەرع هێرشیان بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەست پێکرد و لە دواتردا هێرشەکانیان بۆ شارەکانی دێرحافز و ڕەقە و تەبقا و دێرەزوور دەستی پێکردوە و تا ئێستا کە ئاگربەستیش هەیە لە بەشێك لە ناوچەکاندا چەکدارەکانی شەرع بەردەوامن لە هێرشکردن.