ئیلهام ئەحمەد: هەوڵی گرژی دەدرێت بۆ هێرشکردنە سەر حەسەکە و کۆبانێ

‌ئیلهام ئەحمەد- بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەر

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەر، لە بارەی ئەو دەنگۆیانە بڵاودەبنەوە داوا لە هاوڵاتیان دەکات "وریابن و خۆیان بپارێزن"، چونکە ئامانج لەو هەواڵە ساختانە بۆ "هێرش کردنە سەر حەسەکە و کۆبانێیە".

دوو شەممە، ١٩ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەر، لە ئێکس ڕایگەیاند "داوا لە هاوڵاتیان دەکەین وریابن و خۆیان بپارێزن، هەموو ڕاپۆرتەکانی کۆمەڵکوژییەکانی حەسەکە بەتەواوی هەڵبەستراون و لە لایەن ئەو سەرچاوانەی پەیوەستن بە گروپە چەوسێنەرەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، کە هەوڵی تێکدانی ئاگربەست و هاندانی گرژیی عەشایەری و دەستپێکردنەوەی هێرش بۆ سەر حەسەکە و کۆبانی دەدەن".

ئیلهام ئەحمەد وتویەتی کە  "ئێمە پابەندین بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و یەکخستنی تەواوەتی هێزەکانی حەسەکە".

١٨ کانوونی دووەم، ڕێکەوتنێکی ١٤ خاڵی لە لایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریاوە واژۆ کرا بۆ ئاگربەستیان لەگەڵ هەسەدە و بڕیارە ئەمڕۆ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە سەردانی دیمەشق بکات و لەگەڵ شەرعدا کۆبێتەوە.

لە ڕۆژی ٦ کانوونی دووەمەوە گروپە چەکدارەکانی سەر بەشەرع هێرشیان بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەست پێکرد و لە دواتردا هێرشەکانیان بۆ شارەکانی دێرحافز و ڕەقە و تەبقا و دێرەزوور دەستی پێکردوە و تا ئێستا کە ئاگربەستیش هەیە لە بەشێك لە ناوچەکاندا چەکدارەکانی شەرع بەردەوامن لە هێرشکردن. 




AM:09:40:19/01/2026