ڕۆشنبیرێکی دیاری کورد لە بارەی ئەو ڕێکەوتنەی لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سوریا بۆ ئاگربەست ڕاگەیاندراوە دەڵێت "بۆنی خیانەت و خەڵەتاندنێک لە ڕێکەوتنەکەی ئەمڕۆدا دەکرێت، پێدەچێت رێککەوتنەکە خیانەتی تۆم باراک بێت لە کورد و تا رادەیەکیش لە ئەمریکیەکان".
دکتۆر ئارام ڕەفعەت، نوسەر و ڕۆشنبیری کورد، دوو شەممە، ١٩ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، لە فەیسبووک ڕایگەیاند "ئەمڕۆ دووشەممەیە بەکاتی کوردستان و ناوچەکە، بەڵام هێشتا هەر یەکشەممەیە لە ئەمریکا و پشووی کۆنگرێس و حکومەت و هەموو دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەمریکایە، باراک و جۆلانی و لەپشت ئەوانیش تورکەکان فشار دەکەن کە رێککەوتنەکە لەکاتی پشوی ئەمریکا واژۆ بکرێت، رێککەوتنەکەی ١٠ی ئازاریش، کە ئێستا کورد باجەکەی دەدات، بەهەمان شێوە لە رۆژی یەکشەممە بەکاتی واشنتۆن واژۆ کرا، گومانێکی زۆر هەیە ئیملائاتی رێککەوتنەکە هی تۆم باراک خۆی بێت و ئەو عیفریتە وەک خواست یان ناوبژی یان ڤێرژنی ئەمریکی بۆ رێککەوتن لەگەڵ جۆلانی بەسەر کوردا بسەپێنێت".
ئارام ڕەفعەت دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە بە مەترسی دەبینێت و وتویەتی "هەر هێندەش واژۆ کرا، ئەمریکییەکان کێشەیان نییە و وەک ئاماژەیەکی رازی بوونی کورد مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و دەبێتە ئەمری واقیع و دەبێت کورد پێیەوە پابەند بێت".
سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان لیندزی گراهام لە ئێکس نیگەرانی خۆی ڕاگەیاند لە بارەی ڕێکەوتنەکەوە، ئارام ڕەفعەت ئەو پەیامەی سیناتۆرە ئەمریکیەکە وەک سەرەداو دەبینێت و نوسیویەتی " پەیامەکەی لێندزی گراهام سەرەداوێکی گرنگە بۆ ئاشکرا بوونی ئەم فێڵە، ئەو بەڕاشکاوی دەڵێت نە من و نە هیچ کام لە ئەندامانی کۆنگرێس هیچ وردەکاریەک دەربارەی رێککەوتنەکە نازانین، نازانین ئیملائاتی کێیە و جگە لە تورکەکان، خواست و سەرنجی کێی دیکەی تێدا وەرگیراوە، ئەمە بۆخۆی پەیامێکی ناراستەوخۆی گراهامە بۆ رۆژاڤا، رۆژاڤا دۆست و هاوسۆزیان زۆرن لە کۆنگرێس و ئیدارەی ئەمریکیدا".
ئەو ڕۆشنبیرە کوردە ئاماژە بەوە دەکات کە بەر لە چوونی مەزوڵوم عەبدی بۆ دیمەشق کە ئەمڕۆ بڕیاروایە لەگەڵ شەرع کۆبێتەوە وتی" بەر لە چوون بۆ دیمەشق و واژۆکردنی رێککەوتنەکە، بەهەر دەلیل و بیانویەک دەبێت رۆژاڤا دڵنیا بێت کە ئەو رێککەوتنە تەعبیر لە خواست و سیاسەتی ئەمریکیەکان دەکات یان فێڵێکی باراکە و دەیەوێت بەناوی سیاسەتی ئەمریکی بەسەر کوردیدا بسەپێنێت؟ ".