بەڕێوبەری کەمپی هۆل: کەمپەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە

‌ئەرشیف- وێنەی ناو کەمپەکە

جیهان حەنان، لە بارەی کەمپی هۆل کە تایبەتە بە خێزانەکانی داعش، باس لەوە دەکات کە کەمپەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە  و بەهۆی شەڕەوە ئاستەنگی بۆ کاری ڕێکخراوە مرۆییەکان دروست بوە.

دوو شەممە، ١٩ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، جیهان حەنان، بەڕێوبەری کەمپی هۆل، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "سەرباری ئەوەی ئێمە سەرپەرشتی کەمپەکە دەکەین، بەڵام ڕێگاکانی گەیشتن بە کەمپی هۆل مەترسیدارن، ئاستەنگی لەبەردەم گەیشتنی ڕێکخراوە مرۆییەکان بۆ ناو کەمپەکە هەیە، ئەمەش کارە مرۆییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکانی تووشی گرفت کردووە".

بەڕێوبەری کەمپەکە دەشڵێت لە ئێستادا "پێداویستییەکانی خواردن و دەرمان بۆ ناو کەمپەکە لەبەردەستە".

کەمپی هۆل، یەکێکە لە گەورەترین کەمپەکانی جیهان، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری حەسەکە، ئەم کەمپە بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و مرۆییەوە بە "بۆمبێکی چێنراو " ناو دەبرێت، دوای ساڵی ٢٠١٩ و شکستی کۆتایی داعش لە باغۆز، بوو بە شوێنی نیشتەجێبوونی هەزاران خێزانی چەکدارانی داعش، لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی  نزیکەی ٧٠ هەزار کەس بوە  لە ساڵی ٢٠١٩. 




AM:11:12:19/01/2026